هەڵوێستی هاوپا

 


 هۆكاری سەردانی ئەردۆگان بۆ هەرێمی كوردستان

پێویستە بپرسین بۆ توركیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات؟ ئامانج لەو سەردانە چییە؟

توركیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە دژبەرەكانی هەوڵی دروستكردنی هاوپەیمانی دەدات لەگەڵ عێراق، هەروەها ویستی توركیایە كە هەرێمی كوردستانیش ببێتە بەشێک لەم پلانە ستراتیجیەی توركیا بۆ لێدان لە گروپە چەكدارە توركیەكان كە لە خاكی باشووری كوردستاندا كار و چالاكی دەكەن، لەناوبردن یان لاوازكردنی ئەو گروپانە بەبێ هەماهەنگی هەرێمی كوردستان مەحاڵە و هەرگیز ڕوونادات، بۆیە لە میانەی سەردانكردنی بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات و هەوڵی ڕازیكردنی سەرانی كورد دەدات بۆ ئەم پلانە، جگە لەو بوارە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیادا و جووڵە بازرگانیەكانیش بەردەوام دەبێت.  

بۆیە ئامانج لەم سەردانە درووستكردنی هەماهەنگییە لەنێوان توركیا و عێراق بۆ هەڵمەتە سەربازیەكانی هاوینی 2024 كە پلان وایە ئەنجامبدرێت و هەژموونی ھێزەكانی پەكەكە لاوازبكات.

هەڵوێستی نەتەوەیی:

ئەوەی جێگای ڕەخنەیە كە پارێزگای هەولێر بە ئاڵای توركیا داپۆشراوە، داپۆشینی هەولێر بە ئاڵای دوژمنی كوردان كارێكی ناپەسەند و شەرمەزراكەرانەیە و هیچ ویستێكی جەماوەری ئەرێنی بەدوای خۆیدا ناهێنێت، كورد زیاتر لە هەرێم پەست و دڵگران دەكات، بۆیە ئەم هەڵوێستە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و داپۆشینی شار بە ئاڵای تورک مایەی قبوڵكردن نییە.


تورک دوژمنی لە مێژینەی كوردن و دژی كۆماری كوردستان لە ئاگری چەندان هەڵمەتی سەربازیان ئەنجامدا و چەندان هەوڵی گەورەیاندا بۆ لۆبیكردن لە دژی دۆزی ڕەوای كورد، كە ئەمەش ناوەڕۆكی ئەو دەوڵەتە مەنگۆلیە دەسەلمێنێت كە دۆست نییە، دۆستایەتی لەگەڵ دوژمندا ناكرێت، گەر دۆستایەتیش هەبێت پێویستە بۆ ماوەیەكی كاتی بێت ئەویش بۆ پاككردنەوەی كوردستان لە هێزە چەكدارەكانی ناوخۆی توركیا كە ناسراون بە پارتی كرێكارانی كوردستان بەڵام پشتبەستن بەم هێزە مەنگۆلیە هەڵەیە. بۆیە پێویستە مێژووش لەبەرچاو بگیرێت لە دروستكردنی پەیوەندیەكان.


ئەوەی وایكردووە كە هەرێمی كوردستان لەم ئاستە نالەبارە بێت و سەرۆكی توركیا سەردانی هەولێر بكات، هۆكارەكەی هەبوونی هێزگەلی وەک PKKـیە كە هەمیشە قاچی دوژمنانی بۆناو خاكی كوردستان ڕاكێشاوە و لەبەرامبەردا نەیتوانیوە دۆزی كورد بباتە پێشەوە و كورد لەم بارودۆخەی خۆی ڕزگاربكات، بۆیە یەكێک لە هۆكارە سەرەكیەكانی كێشەكە پەكەكەیە و گروپەكانی سەر بەوان كە هیچ كاتێک خەباتی ڕاستەقینەی كوردایەتییان نەكردووە، هەمیشەش وەكو دوژمنێكی ناحەز چاویان لە نەتەوەییەكان بووە.


بۆیە نەتەوەییەكان نابێت بكەونە داوی ئاپۆچیەكان، ئاپۆچیەكان وادیارە بەس توركیا بە دوژمن دەبینن و وڵاتانی دیكە بە داگیركەر نابینن، گەر سەیری هەڵوێستی ئاپۆچیەكان بكەین لە ڕۆژئاوای كوردستان، خۆیان بە سوری لەقەڵەم دەدەن و هیچكات بە ڕۆژئاوای كوردستان ناڵێن 'كوردستان'، بەڵكو دەڵێن 'باكوری خۆڕهەڵاتی سوریا'. نەتەوەییەكان پێویستیان بە هەڵوێستی سەربەخۆیە، نابێت نەتەوەییەكان خۆیان بكەنە پاشكۆی هیچ گروپێكی نانەتەوەیی و دژە نەتەوە.


هەڵوێستیان پێویستە بەم شێوەیە بێت:

توركیا دوژمنی لە مێژینەی كوردە، لەگەڵیشیدا پەكەكە و هەموو گروپ و دەستە نا نەتەوەییەكانی كوردستان هاوكاری دەوڵەتانی داگیركەرن و بەهیچ شێوەیەک بۆ بەرژەوەندی نەژادمان كارناكەن، بۆیە پەكەكە و تورک لەیەک ئاستدان و هیچ جیاوازیان نییە لە دوژمنایەتی و ڕقلەبەری بەرامبەر دۆزی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەییمان.


"قەڵای ویستی نەتەوایەتی بەهیچ ناروخێت"