بیرۆكەی زاگرۆسی و چەواشەكاری
بیرۆكە نوێیەكان هەمیشە بەرپەچی بنەما زانستیە چەسپاوەكان دەدەنەوە و هەوڵی بەهێزكردنی هەژموونی نوێی خۆیان دەدەن، ئەم بەهێزكردنەش بەهۆكارێكی زانستی بێت یان "دەمارگرژی" ڕوودەدات.
گەلی كورد بە درێژایی لێكۆڵینەوە مێژووییەكان و بەڵگەنامە كۆنەكان، بە ئاری یاخود هندۆ-ئەوروپی لە قەڵەمدراوە، هەمیشەش ئەم نەتەوەیە بەو زمانە قسەیكردووە كە هاوبەشییەكی ڕیشەیی باشی لەگەڵ ئامۆزاكانی لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندی جەستەیی و سەرو ئاستی هۆشمەندی كورد سەلمێنەری ڕەچەڵەكە ئاریەكەیەتی، بەڵام بیرۆكەی هاودژ پەیدابوون بەناوی "بیرۆكەی زاگرۆسی" یان "نەژادی زاگرۆسی" كە ئەم بیرۆكەیە بە تەواوەتی دژە لەگەڵ زانستدا، چونكە زاگرۆس بریتییە لە زنجیرە شاخێک كە لە دەریای فارسی هەتاوەكو چیای تۆروس درێژ دەبێتەوە و كوردستانی گەورە لەخۆ دەگرێت، بەڵام دەشێت بپرسین كە چۆن ئەم پێناسەیە سەلمێنەری هەڵەی بیرۆكەی زاگرۆسیە؟
بیرۆكەی زاگرۆسی كە بۆ نەژاد بەكاری دەهێنن هەڵەیە، چونكە نەژاد لە مرۆڤدا هەیە و ناوی ئەو كۆمەڵە خەڵكە هەڵدەگرێت كە هەمان تایبەتمەندیان هەیە، بەڵام زاگرۆس ناوچەیەكی جوگرافییە، چۆن دەكرێت ببێت بە نەژاد؟ بەچی یاسایەک دەكرێت بە نەژاد؟ بۆیە بیرۆكەی زاگرۆسی بیرۆكەیەكی دەڵەمە و نوێیە، هیچ پاڵپشتییەكی زانستی لەخۆناگرێت، ئەوانەشی پاڵپشتی بیرۆكەی زاگرۆسی دەكەن، مرۆڤگەلێكی ئاست نزمن كە شكۆی ئاریاییان پێ قەبوڵناكرێ و خۆیان دەكەن بە زاگرۆسی و ئەشكەوتنشین و مرۆڤانێكی بێ ناون لەناو مێژوودا.
زۆرێک لە بانگەشەكانیان ئەوەیە كە مرۆڤانی چاخی بەردینی زاگرۆس كوردبوون، كە ئەم قسەیە زۆر بێ مانایە، چونكە هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە كە ئەو گەلانەی كە لەناوچەی زاگرۆسبوون، بەخۆیان وتبێت كورد، نموونە بیرۆكەی زاگرۆسی پێشنیاری كوردبوونی جووتیارە سەرەتاییەكانی ناوچەی زاگرۆس دەكات كە 10 هەزار ساڵ بەر لە زایین هەبوون، یان كۆنتریش، بەڵام بەڵگەیان چییە؟ هیچ نوسراوێک لەلایەن ئەو ئەشكەوتنشینانەی زاگرۆس دۆزراوەتەوە؟ یان ئەمە تەنها پەچەكردارێكە لەبەرامبەر بیرۆكەی ئاریایی و هیچ پاڵپشتێكی زانستی لە پشت نییە!
یەكێك لەو "مێژوونوسانە" سۆرانی حەمە ڕەشە، كە زۆر جەخت لە بیرۆكەی زاگرۆسی دەكاتەوە، بەڵگەكانیشی هەندێک لەتە وشە و هەندێک هەست و سۆزی ناسیۆنالیزمی ڕووتە كە پاڵی پێوە دەنێ كورد بە بوونەوەرێک كە لە ئەشكەوتەكانەوە بەدەركەوتووە بناسێنێ، بەڵام ئایا ئەم قسانەی نووسەری پەرتووكی «مێژووی بزر و نەگێڕدراوە كورد» ڕاستە؟
پ.ی.د دڵشاد زاموا لە وتارێكیدا بەناوی «مێژووی كورد بە نەشارەزایی و چاوێكی نوقاوەوەی نانوسرێتەوە» زۆر ڕەخنە و بابەتی گرینگ لەسەر پەرتووكەكەی سۆرانی حەمە ڕەش دەخاتەڕوو، كە تیایدا سۆرانی حەمە ڕەش كە خۆی بە زمانەوان لە قەڵەم دەدات، نازانێت زمانی سۆمەری بخوێنێتەوە، بۆیە سەیر لەوەدایە چۆن بە ئارەزووی خۆی ڕوونكردنەوە و خوێندنەوە بۆ مێژووی كورد دەكات؟
(تێبینی: هاوپا بڕوای بە ئێرانیبوونی كورد نییە، كورد بە بەشێك لە خاكی ئێران نازانێت، هەروەها بە زاگرۆسیشی نازانێت، كورد نەژادی ئاریاییە و لە هۆزە هێرشبەرەكانەوە هاتووە، پەیوەستكردنی كورد بە خاك زۆر هەڵەیە، چوونكە هیچ بایەخێك بۆ نەژاد و ڕەچەڵەك ناهێڵێتەوە، نموونە بەستنەوەی كورد بە ئێران یان زاگرۆس هەڵەیەكی گەورەیە، مرۆڤ ناو لەخۆی و لە خاكێك دەنێت، بۆیە خاك پاشكۆی مرۆڤە و هەرگیز ناكرێت بە كورد بوترێت عێراقی،ئێرانی،توركی...، بۆیە هۆشیاربن لەسەر ڕەچەڵەكی خۆتان.)
لێرەدا 15 خاڵ شیكردنەوەیەک لەسەر پەرتووكەكەی سۆرانی حەمەڕەش دەخەینەڕوو لە وتاری «مێژووی كورد بە نەشارەزایی و چاوێكی نوقاوەوەی نانوسرێتەوە»:
1- کاتێک لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە دەردەکەوێت و دەڵێت “شارەزای (سیانزە زمانی دێرین) و (بیست زمانی نوێ)ـم!” ئەمەم لە چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی زاگرۆس بینی، شارەزایی لە سی و سێ زماندا لە توانای هیچ مرۆڤێکدا نییە، و پێم وابێت یەکەم مرۆڤە لەسەر زەوی بانگەشەی وا بکات! لەکاتێکدا نزیکەی سەد و پەنجا ساڵە نووسینی مێخی و زمانە دێرینەکان خوێندراونەتەوە، تا ئێستا هیچ زانا و پڕۆفیسۆرێکی ئەو بوارە بە خۆی نەوتووە نەک سیانزە زمانی دێرین، تەنانەت هیچ زانایەکیان نەیوتووە من شارەزای سێ زمانی دێرینیشم، چ جای سیانزە زمان!
2- بەدوای نازناوی گەورەتر لەخۆیدا دەگەڕێت، و لە سەر بەرگی پشتەوەی کتێبەکەی، چوار ناونیشانی قەبەی لە دوای ناوی خۆی نووسیوە: نووسەر، ئەکادیمی، مێژوونووس و زمانەوان!
بەهەمان شێوە لە سەر پشتی بەرگە ئینگلیزییەکەی کتێبەکەشیدا هەر نووسیویەتی: Writer, Academic, Historian and Linguist.
ئەمە لە ڕووی یاساییەوە خەڵک و خوێنەر خەڵەتاندنە، جا ئەم نووسەرە بەڕێزە لەوڵاتی بەریتانیا ژیاوە و دیارە ئینگلیزییەکەشی باشە، بەڵام لەوە تێنەگەیشتووە کە ناونیشانی "Academic" واتە پسپۆڕی خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ، ئەم هەروا بە سانایی لە دوای ناوەکەی خۆی دایناوە، و ئەشێ لە ئەمازۆن خەڵکانێکی بیانی بکەونە ئەو داوەوە، و کتێبەکەی وەک کتێبی ئەکادیمییەک بکڕن! ئا ئەم ناونیشانە قەبانە دەچنە خانەی Misleading Readers و چەواشەکاری و ئینتیحالەوە. بۆ نموونە لە فەرهەنگی «Collins Dictionary» بەم شێوەیە پێناسەی کەسی ئەکادیمی کراوە:
An academic is a member of a university or college who teaches or does research.
واتە: ئەکادیمی ئەو کەسەیە کە ئەندامی زانکۆیەک یان کۆلێجێک بێت کە مامۆستایەتی تێدابکات و وانەی تێدابڵێتەوە یان توێژینەوەی تێدا ئەنجامبدات. ئایا ئەم نووسەرە بەڕێزەمان ستافی ئەکادیمی چ بەشێکی مێژوو و شوێنەوار و زمانە دێرینەکانی چ زانکۆیەیە؟!
3- لەگەڵ ئەوەی نازناوی ئەکادیمی لەخۆی ناوە، بەڵام لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت کە دەیەوێت لەم کتێبەیدا "بەرامبەر بە بۆچوونە جێگیر و بیروڕا ئەکادیمییەکان بوەستمەوە." ئائەم کتێبە تاکە کتێبی جیهانە کە لەیەک کاتدا لەسەر بەرگی کتێبەکەی، نووسەرەکەی نازناوی ئەکادیمی لەخۆی بنێت، و ئەکادیمیش نەبێت، و بشڵێت بەرامبەر بە بۆچوونە ئەکادیمییەکان دەوەستمەوە! بەڕاستی ئەم دژیەکانە، گاڵتەکردنە بە خوێنەر، بەو بەڕێزانەی بڕە پارەیەکی زۆر دەدەن بەم کتێبە، و لە عەشقی کورد و مێژووی کورد دا عەوداڵانە دەیخوێننەوە، بەڵام ڕوویان دەکەوێتە ئەم تڕاویلکەیە! ئەم نووسەرە بەڕێزە، ئەکادیمیا و ناوەندە زانستی و زانکۆییەکانی کوردستان، و ڕۆژئاواییەکانی لەبەرچاوی خوێنەرەکانی بەوشێوەیە نیشانداوە، وەک ئەوە وایە لێی کردبێتنە کڵێسەی کاسۆلیکی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی و خۆشی لێکردوون بە ڕۆسۆ و ڕۆبسبێر و دژیان دەوەستێتەوە! بەڕاستی ئەمە نەنگییەکی گەورەیە، داهاتوو دەیسەلمێنێت کە ئەمە چ دەربڕینێکی نازانستی و هەڵەیە.
4- نازناوی زمانەوان "Linguistic"ـیشی لەخۆی ناوە، نازناوێک خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایەک لە بواری زمانیشدا خۆی بە شایەنی نازانێت! ئەم بەراوردکاری و فەرهەنگۆکانەی کتێبەکەی جێگەی تێڕامانی زۆرن، کە خەڵکی ئاسایی و نەشارەزا لەو زمانانە، چاک باوەڕیان بەم پەیوەستکردنەوانە هێناوە، وا باوەڕ دەکەن، نووسەری مێژووە بزر و نەگێڕدراوەکە، هەنگوینی لە کلۆرە داردا بۆ دۆزیونەتەوە! بەڵام زۆربەیان بێ بنەمای زمانەوانین و لەتە وشە و ڕستەی خۆکردن. و ئەو جۆرە بەراوردکارییانەش هیچ نەبوونەتە پێوەر بۆ پەیوەستکردنەوەی تەواوی دوو زمان، بەتایبەت زمانی دێرینی مردوو و زمانە نوێیەکان.
5- مرۆڤی چاخە بەردینەکان بە کورد دادەنێت، لەکاتێکدا لەوکاتەدا پسپۆڕان تەنانەت گومانیان هەیە هۆز و تیرەش هەبووبن، سەردەمی پێش داهێنانی نووسینە و نازانین چ زمانێکیان هەبووە، و ئایا زمانەکەیان چەندە سادەبووە، جلوبەرگ و دابونەریت و وردەکاری ژیانیان زۆر ڕوون نین. نووسەر بەمەوە ناوەستێت دواتر سۆمەرییەکانی داگیرکەری زاگرۆس بە کورد دادەنێت، و دەڵێت زمانی سومەری هەر کوردییە، و دوای ئەوە گوتییەکان و مانناییەکان و خوریی و هەموو گەلەکانی تری زاگرۆسیش هەر بە کورد دادەنێت، لەکاتێکدا نە ئەو زمانە مردووە دێرینانە پەیوەندی ڕێزمانی و پێکهاتەییان بە زمانی کوردییەوە هەیە، نە بەڵگەکانیشی بەهێزن، بۆ نموونە دەڵیت مانناییەکان زمانەکەیان کوردییە، سەروگوێلاکی ناوێکی شکاندووە و دەڵێت ئەمە (وەستا ڕێبەر)ـە. جا با بۆتان ڕوونبکەمەوە، کە ئەم نووسەرە بەڕێزە لە زۆربەی کۆڕەکانی چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانی و پەیجەکەیدا چەند جارێک و لە پێشەکی کتێبەکەشیدا باسی ئەم "وەستا ڕێبەر"ـەی کردووە، و دەڵێت، ئەمە وشەیەکی مانناییەکانە و بەواتای (وەستای سەرکردە/ڕێنیشاندەر) دێت، بەداخەوە کاتێک دەچیتەوە سەر سەرچاوەکان، تێدەگەیت کە ئەم نووسەرە بەڕێزەمان چەندە سەرپێیانە زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و بەبێ لێوردبوونەوە، دەیانکاتە دۆزینەوەی نوێ و خوێنەری کوردی بەستەزمانیش چەندە دڵی پێی خۆشدەبێت، لەم رۆژانەدا لە کتێبخانەی جەمال عیرفان دانیشتبووین، مامۆستایەک کە ماستەری لە مێژووی وڵاتانی تر هەیە، وتی دۆزینەوەیەکی نوێیە کە لەم کتێبەدا نووسەرەکەی سەلماندوویەتی ناوی وەستا ڕێبەر ناوێکی دێرینە و ماناییەکان هەیان بووە. جا با بۆتان باس بکەم ئائەم وەستا ڕێبەرەی لە کوێوە هێناوە! لە وێبسایتی ئیرانیکا (Iranica)ـدا، بەم شێوەیە لێکدانەوەیەکی هەڵەی کۆن خراوەتەڕوو: (مانایکانو، ناوی دامەزراوەی ناوچەکانی کەوانن، کە بە زمانی ئەکەدی پێی دەوترا خەتاڕو لە شاری نیپور) شارێکە لە باشووری مێسۆپۆتامیا (لەوانەیە مانایکانو هەر ماناییەکان بگەیەنێت کە لەوەوپێش مانیکانو بە بانایکانو دەخوێندرایەوە، زادۆک ١٩٧٩، ل ل .١٧١... (لە دەوروبەری ٤٢٤ یان ٤٢٣بی پێش زایندا فەرمانبەرێک بووە ناوی "ئوستاریبار" بووە. بەم شێوەیە بۆ خوێنەری بەڕێز دەردەکەوێت، کە ئەم وەستا ڕێبەرەی نووسەری مێژووە بزر و نەگێڕدراوەکە، پەیوەستە بە فەرمانبەرێکی شاری نیپور لە باشووری مێسۆپۆتامیا (باشووری عێراق)، نەک موکریانی خۆرهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ماننا، ئەمە جگە لەوەی ئەم تۆمارە مێخییە لەساڵانی ٤٢٤ یان ٤٢٣ـی پێش زایندا تۆمارکراوە، و ئەوکاتە زیاتر لە دوو سەد و هەشتا و هەشت ساڵ بوو دەوڵەتی مانناییەکان لەلایەن میدییەکانەوە دەستی بەسەرداگیرابوو، و شتێک نەمابوو بەناوی دەوڵەتی ماننا و زمانی ماننا، جا ئەگەر لێکدانەوەکانی تریشی وابێت، ئیتر هاوار بە ماڵی مێژووی بزر و نەگێڕدراوە. ئا ئەمە نەک بەڕاستی گێچەڵکردنە بە زانست و زمانە دێرینەکان و شوێنەوار، بەڵکو بەهەستی خوێنەرانیش.
6- سنووری مێژوویی کتێبەکەی لە ١٠ هەزار ساڵ پێش زایینەوە تا ساڵی ١٣٠٠ـی پێش زایینە، بەڵام نووسەر هیچ بەم سنوورە مێژووییەوە، کە زۆر زۆر فراوان و نازانستییە، پابەند نەبووە، بەڵکو بەشێکی زۆری مێژووی هاوچەرخ و سەدەی بیستەمیشی تێدا سیخناخکردووە، و بۆ نموونە لەلاپەڕەیەکدا باسی شەهیدکردنی خاتوو لەلایلا قاسم دەکات و وێنەکەشی داناوە کە ئەم ڕووداوە پەنجا ساڵێک لەمەوبەر بووە.
7- ئەو میرنشینە کوردییانەی سەردەمی عەباسی کە ئەو بە سێ چوار لاپەڕە لەم کتێبە بەناو مێژووە بزر و نەگێڕدراوەیەدا باسیکردوون، هەریەکەیان سێ چوار ماستەرنامە و کتێبی زۆر باش و زانستییان بە زمانی کوردی و لەلایەن مێژوونووسان و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانی کوردستانەوە لەبارەوە نووسراوە، بەڵام نووسەر بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیان پێنادات!
8- دەڵێت هیچ کتێبکی کوردی دەربارەی سەڵاحەدین نەنووسراوە، و چاوی لە شاکارەکەی دکتۆر موحسین و دکتۆر نەبەزی کۆنە سەرۆکی زانکۆی کۆیە و د. کامەران عەلی و د. جوان ئەحمەد و د. هاوکار جەلەمۆردی و مامۆستا شاسوار هەرشەمی و مێژوونووسانی تر و توێژینەوە شوێنەوارییەکانی شوێنەوارناسانی کورد نوقاندووە، کە چەندین وردەکاری گرنگیان دەربارەی سەڵاحەدین و ئەیوبییەکان و سنووری دەوڵەتە کوردییەکەی چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
9- بە مۆر دەڵێت پول، ئەم هەڵە زەقەش، لەوەوە سەرچاوەیگرتووە، کە ئەم بەڕێزە لە هیچ زانکۆ و ناوەندێکی ئەکادیمی شوێنەوار و مێژووی نەخوێندووە، لەبەرئەوە وشەی stamp ی ئینگلیزی بە فەرهەنگۆک وەرگێڕاوە و کردوویەتی بە پول!
لەکاتێکدا مۆر شتێکی تەواو جیاوازترە لە پولی کاغەز و دۆمینە! ئەمە جگە لەوەی دەڵێت "ئەم پولانە..." بوونەتە هۆی داهێنانی نووسین، ئەمەش دووبارە هەڵەیە، ئەگەر کەسێک فێرخواز و شاگردی بەردەستی مامۆستایەک نەبێت، هەر وا سەرپێی و دەکەوێتە هەڵەی زانستی لەو شێوەیەوە.
10- لە تازەترین چاوپێکەوتنیدا لە کەناڵی گەلی کوردستان، وەک خۆی لە پەیجەکەی دایناوە و دەڵێت تەنها لە چل و پێنج چرکەدا دەربارەی کتێبەکەم دواوم، هێرش دەکاتە سەر پڕۆگرامەکانی مێژوو لە قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی کوردستان و ئەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لە خوێندنگەکاندا بە مناڵانی کورد دەوترێت (مێژووی کورد نییە)! لەکاتێکدا پڕۆگرامەکانی خوێندن و کتێبی وانەکانی مێژوو، چەندین بابەتی مێژوویی کورد و کوردستانی تێدایە، و بە شێوەیەک نووسراوە کە خزمەت بە مێژووی کورد و کوردایەتی بکات، و لە مێژووی چاخە بەردینەکانەوە بۆ مێژووی هاوچەرخ لە قۆناغەکانی خوێندندا باسکراون، بێگومان مێژوونووسان و شوێنەوارناسان ئەزانن ئەو کتێبانەی مێژوو کە لە قوتابخانەکان دەخوێندرێن کەم و کوڕییان هەیە و لەسەر کەم و کوڕییەکانیش وتاری ڕەخنەییمان نووسیوون، بەڵام بوختانێکی گەورەیە یەکێک بێت و بڵێت ئەوەی ئەخوێندرێت مێژووی کورد نییە!
کێشەی ئەم نووسەرە بەڕێزە ئەوەیە هەموو شتێک بەڕەهایی ڕەت دەکاتەوە، و بۆچوونەکانی خۆشی بە ڕەهایی پێ ڕاستترینە!
11- هەرچی بۆخۆی پێی زانیاری نوێ و تازە بووە و یەکەمجاربووە بەرچاویکەوتووە، پێی وایە کە کەس لەوەوپێش نە بیستوویەتی و نە لەسەریشی نووسیوە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بە سەدان سەرچاوەی تایبەت بە مێژوو و شوێنەوار کە بە کوردی نووسراون بەکارینەهێناون، تا خوێنەرانی وا تێبگەن بەس کتێبەکەی ئەو بە کوردی باسی شوێنەوار و مێژوو و زمانە دێرینەکان دەکات، تەنانەت کتێبی عەرەبی و عەجەمی و ئەرمەنی و ڕووسی و ئینسکلۆپیدیا کۆنەکەی بریتانیکای پڕ زانیاری کرچوکاڵیشی بەکارهێناوە، بەڵام ئامادەنەبووە توێژینەوە کوردییەکان بەکاربهێنێت، و لە کۆتایی کتێبەکەیدا لیستی سەرچاوەکان بەدیناکرێن، جا نازانم ئەو کتێبەی کە من لامە لیستی سەرچاوەکانی پەڕیوە، یان هەر نووسەر لیستی سەرچاوەی نەنووسیوون، ئەگەر وابێت، ئەمە نەنگییەکی تری کتێبەکەیە کە نووسەر خۆی بە ئەکادیمی ناوزەد دەکات، چونکە دانەنانی لیستی سەرچاوەکان، ئەگەر لەبەر کەمبوونەوەی قەبارەی لاپەڕەبێت هەر هەڵەیە، و ئەگەر لە ترسی ئەوەش بێت کە خوێنەر نەچێتەوە سەر سەرچاوەکان ئەوە نەنگییەکی لەو خراپترە!
12- ڕەخنە لە دیدی ئاریایی و ئێرانیزم دەگرێت، کەچی خۆی بەرهەمەکانی دیاکۆنۆف بە نمونەی باڵا باس دەکات، لەکاتێکدا مێژوونوسانی هاوچەرخی کوردی، بەڵگەنامەی گرنگیان دەستکەوتووە، کە بەشێک لەم مێژوونووسە ڕوسییانە، پارەیان لە شای ئێران وەرگرتووە، بۆ خزمەتکردنی بیری ئاریایی و ئێرانیزم و ڕاکێشانی مێژووی زاگرۆس و کورد بۆ بن باڵی ئێرانیزم.
13- ئەم نووسەرە بەڕێزە، زۆرپێی لێڕاکێشاوە و چەندین هەڵەی زمانەوانی و مێژوویی بڵاودەکاتەوە، و ئەو هەڵانەش بەدۆزینەوە و بیردۆزەی نوێ و دووبارە نووسینەوەی مێژووی کوردی ناودەبات، لەلایەکی ترەوە هەوڵی دەیان و سەدان نووسەر و توێژەر و مێژوونووس و شوێنەوارناسی کورد و دام و دەزگای چاپ و بڵاوکراوە و بنکەی توێژینەوە و زانکۆکانی کوردستان و خوێندن و پەروەردە بە بێ بەها نیشان دەدات، ئەم چەواشەکاریی و بڕیاردانە هەڵانەی ئەم نووسەرە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
14- نووسەری کتێبی بەناو مێژووە بزر و نەگێڕدراوەکە، هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر ئەکادیمیان و زانکۆکان و بەشەکانی مێژوو و شوێنەوار و زۆر بێ ویژدانانە لە پێشەکی کتێبەکەیدا نووسیویەتی "
زۆر کتێب لەسەر مێژووی کورد هەیە و زۆربەیان لەلایەن کەسانێکەوە نووسراون کە زمانی کوردی نازانن. ...کورد دەزگای ئەکادیمی فەرمی خۆی نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوە و نووسینی مێژووەکەی. ...نزیکی هەموو کتێبێکی ئەو بوارە لەلایەن خەڵکی بێگانەوە نووسراون."
15- شانازی بەوەوە دەکات کە بۆ نووسینی کتێبکەی هیچ سەرچاوەیەکی کوردی زانکۆکانی باشووری کوردستان و سەرچاوەی کوردی بەکارنەهێناوە، لەکاتێکدا مێژوو و شوێنەوار و زمان ئەو بوارانەن کە توێژەرانی کورد کتێب و توێژینەوەکانیان هەم لە ڕووی ژمارەوە زۆر زۆرن، هەم لەڕووی ناوەڕۆکەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان. جا ئەم چاونوقاندنە زیانی زۆری لە کتێبەکەی داوە، بەڵام ئەم نووسەرە بەڕێزە بەلایەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە خوێنەری کتێبەکەی لەکاتی خوێندنەوەیدا، هیچ سەرچاوەیەکی کوردییان بەرچاونەکەوێت، و ئەم بەناو مێژوونووسە وەک ڕچەشکێن و تاقە نووسەری مێژووی کورد ببینن.
لەم وتارەدا نوسەری بەرێز زۆر بابەتی گرینگ دەوروژێنێت و سۆرانی حەمە ڕەش وەک خۆی دەخاتەڕوو، ئەم وتارە بە تەواوەتی دەتوانن بیخوێننەوە لێرە (مێژووی كورد بە نەشارەزایی و چاوێكی نوقاوەوەی نانوسرێتەوە)
هەروەها ئەم وتارە لە پەرتووكی (دەربارەی ڕەخنەی مێژوویی) بڵاوكراوەتەوە كە ئەركی ئامادەكردنی لەلایەن بەرێز شێركۆ عادل لە ئەستۆگیراوە.
بۆیە ئاگاداری مێژووبن، هەر قسەیەک كە زۆر و بۆری خەڵكی بەدوادا ڕۆیشت مەرج نییە ڕاست بێت، بیرۆكەی زاگرۆسی هەوڵێكی نەزۆكانە و لاوازانەیە كە دەیەوێت بیرۆكەی ئاریایی نەهێڵێت و بیگۆڕێت بە زاگرۆسی، نووسەرەكانی بیرۆكەی زاگرۆسی وەک سۆرانی حەمەڕەش و نموونەی وەک ئەو، ڕەخنەی بناغەیی و پرسیاری گەورە لەسەر ئاستی خوێندن و زانینیان دروستبووە، بۆیە پێویستە لە مێژووی كورد و بنەچەكەی لێكۆڵینەوەی زیادتر بكرێت.