مەرگی بیرۆكەكان

 

مەرگی بیرۆكە باڵاكان


لە پاش كۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، كۆمەڵگە و تاكەكان بەرەو لاوازی گەورە و قەیرانی هزری گەورە هەنگاویاننا، نەتەوەكان و نەژادەكان لە بیری فراوانخوازی دابڕان و جیهان تەنها بەسەر دوو بەرەی یوتۆپیایی دابەشبوون، ئەوانیش بەرەی (سەرمایەداری) و (كۆمۆنیزم)بوو، كە ئەم دوو بیرۆكە هەتاوەكو ئێستاش لە پێكدادانی گەورەدان، بەتایبەت لەناوەندە ئەكادیمییەكان.

هەردوو بیرۆكەكە بەتەواوەتی ماددین، هیچیان بیر لە هزری مرۆڤی باڵا و بەهێز ناكەنەوە، بەڵكو مرۆڤ بەرەو زۆنگاوی لاوازی و دابەستەبوون دەبەن، بەڵام مرۆڤ بە سروشتی خۆی و بە زگماكی خۆی ناكرێت هەموو جیهان بە ماددی ببینێت، بەڵكو زۆر بابەت هەیە كە لە دەرەوەی مادەن، مرۆڤەكان دەتوانن زۆر بەباشی بیر بكەنەوە، بەڵام گەرئەم تایبەتمەندیە كوژرا؟ ئەوا مرۆڤ ئیدی خۆی بە بیركردنەوە خەریك ناكات و زیاتر لەگەڵ زگی خەریك دەبێت.

لە بەر ئەنجامی ئەم دوو بیرۆكە ماددەپەرستییە مرۆڤی سەدەی21 مرۆڤێكی فاشل و شكستەیە، مرۆڤێكە كە بیرۆكەی یەكسان و خۆش ژیانكردن... مێشكی داگیركردووە، مرۆڤێك كە بۆ مافە سەرەتاییەكان خۆی ماندوو و ڕەنجەڕۆ دەكات، بەڵام ئایە ئەمە بیرۆكەی باڵایە؟

بیرۆكەی باڵا لەلای مرۆڤی باڵایە، چوونكە تەنها مرۆڤە باڵاكان مێشكێكی تەندروست و سەلامەتیان هەیە بۆ بیركردنەوە، بەڵام خەڵكە لاوازەكە تەنها لە بیری تێركردنی زگی خۆیان و وەچەخستنەوەن، هەر ئەوانەشن كە كردار بۆ بیرۆكەی باڵا ئەنجام دەدەیت، سەرزەنشتت دەكەن و ئامۆژگاری مێگەلخوازی خۆیانت پێ دەفرۆشن، ئەوانە مرۆڤە نەزۆكەكانی سەدەی ڕابردووبوون كە ئەم دۆزەخەی سەدەی 21یان بۆ جیلی نوێ دروستكرد.

لە پاش سەركەوتنی بەرەی سەرمایەداری لە جیهاندا و نەمانی ڕكابەر بۆی، مرۆڤەكان زیاتر لە بابەتی یەكسانی و مرۆڤایەنی... قسە پوچەكان نزیكبوونەوە، لە بیرۆكەی دەوڵەتی گەورە، یاخود دەوڵەتی هەژمونخوازی دووركەوتنەوە، گەل بەشێوەیەكی گشتی بەرەو ئاشتیخوازی هەنگاوینا، بۆیە سەروەری دەوڵەت، سەربەرزی،نەژادپەروەری هیچ مانایەكی نەما، نەك وابێت ئەم چەمگانە خۆیان مانایان لەدەستدابێت، بەڵكو ئەوانەی دەیانخوێندنەوە هیچ خوێنەواریەكی ڕاستەقینەیان فێر نەكرابوو، بۆیە لەو چەمگانە نەدەگەشتن.

ماڵوێرانی كوردیش لە مردنی بیرۆكەی باڵا و پاشەكشەكردن لە خواستە باڵاكان، لە روخانی ژێكاف و دروستبوونی حزبی دیموكراتەوە سەری هەڵدا، مرۆڤی كوردیان بەشێوەیەك كەڕامتشكاوكرد كە لە خواستی سەربەرزییەوە برد بۆ ئۆتۆنۆمی و خودموختاری و ئاشتی و برایەتی لەگەڵ دوژمن، هەر ئەوەشبوو نموونەكەیمان بینی كە كۆماری مەهابات لەسەری دامەزرابوو، نەیتوانی ئێرانییەكان ناچار بكات بە ئۆتۆنۆمی، بۆیە لە ئەنجامدا ئێرانییەكان بە هێز و ئاگر و ئاسن ئەو برایەتی كۆمارەیان تێكشكاند و دەوڵەتی ئێرانی ئالەنگارییەكی دیكەی لەسەر ڕێگایخۆی لابرد.

كورد نەك وانەی لەم مێژووە تاریكەی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی وەرنەگرتووە، بەڵكو تا ئێستا لەسەری بەردەوامن، كورد دەبوایە وانەی لە لاوازی بیرۆكەی خودموختاری وەرگرتبایە و بیرۆكەی خۆیبوونی لە مێشكی خۆیدا بچەسپاندایە كە ئەویش (سەربەخۆیی)بوو، چوونكە سەربەخۆیی هیچكات نابێت لەبەر هەر هۆكارێك پاشەكشەی لێبكرێت، بەڵكو دەبێت لەسەری توندبین.

سەربەخۆیش بە قۆناغ نییە وەك ئایدیای ناو كەمپەكانی كۆیە باسی دەكەن، نەخێر، هیچ دەوڵەتێكی جیهان بە قۆناغی خودموختاری هەنگاوی نەناوە، بەڵكو بە ڕاپەڕینی جەماوەری و شۆڕش و جەنگ توانیویانە خۆیان یەكبخەنەوە، مرۆڤی باڵا هەرگیز خۆی ناهێنێتە ئاستی خودموختاری، بەڵكو باڵاتریش لە دەوڵەت بیر دەكاتەوە.