دیموكراسی لە تەرازووی مێشكدا

 


 دیموكراسی لە تەرازووی مێشكدا چییە؟ 

هەمووان مانای دیموكراسی كەم تا زۆر دەزانن، دیموكراسی وەك لە پۆستەكانی هاوپادا شیكراونەتەوە، واتای فەرمانڕەوایی گەل دەدات، گەل خۆی دەسەڵات دروست بكات بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ، بەڵام ئایە دیموكراسی شێوەی فەرمانڕەوایی ئەقلانییە؟ 

دیموكراسی فەرمانڕەوایی زۆرینەیە بەسەر كەمینەدا، گەر كەمینە %49 بن یان كەمتر هەر بە كەمینە هەژمار دەكرێن و نابنە ڕێژەیەكی گەورە و كاریگەر، بۆیە دیموكراسی لەسەر سەرژمێری زۆرینە بەندە و لەسەر شێوازی دابەشكردنی دەسەڵات بەسەر زۆرینە و پێدانی "ماف" بە كەمینە. بەڵام پێویستە بپرسین، ئایە نەتەوە مێگەلە هەتاوەكو حسابی كەمینە و زۆرینەی بۆ بكرێت؟ ئایە نەتەوە بە ژمارە و ڕێژە دەبێ بپێورێت؟ 

زۆر هەڵەین گەر وا بیر بكەینەوە نەتەوە تەنها بە ملیۆن و ژماردن دەبێ قیمەتی بۆ دابنرێت، ئایە خوێن دەژمێردرێت؟ ئایە ڕۆحییەتی یەكگرتووی نەتەوە دەژمێردرێت؟ ئایە خودی نەتەوە و نەتەوە نەبوون بە ژماردنە؟ یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دیموكراسی ئەوەیە كە مرۆڤ بە ژمارە و ڕێژە دەپێوێت بەبێ ئەوەی گرینگی بە زیرەكی و ژیری بدات، بۆیە دیموكراسی لە ئاستی بە ژمارەكردنی مرۆڤ و بچووككردنەوەی ئاست و شكۆی نەتەوە بۆ ژمارە دەكەوێتە بەربەرەكانێ لەگەڵ هزری نەتەوەیی ڕاستەقینە.

ئایە دیموكراسیخواز پرسیاری ئەوە لەخۆی دەكات كە فەرمانڕەواییەكی باشە یاخود خراپ؟ ئایە زۆرینەی وڵاتان كە جێ بەجێی دەكەن بەڵگەی سەركەوتوویی دیموكراسییە؟

دیموكراسی لە ئەنجامی كێشەی نێوان كۆمەڵگە دروست دەبێت، لە ئەنجامی نا تەبایی و لاوازی نێوخۆیی، بە تایبەت لەسەر دەستنیشانكردنی سەرۆكێك بۆ وڵات، دیموكراسی وەكو "چارەسەرێك" خۆی نمایش دەكات لەكاتی دروستبوونی كێشەی لەم شێوە، بەڵام كێشەی گەورەتر و نا هەموارتر دروست دەكات، ئەویش دابەشكردنی كۆمەڵگەیە بەسەر گروپ و دەستەی جیاواز، ئەم گروپ و دەستانەش وەك دوژمنی یەكدی شیر لە یەكدی تیژ دەكەن، بۆیە نەتەوە هێندەی بە كێشەی ناوخۆیی خەریك دەبێت، هێندە ناتوانێت بەرەنگاری هەڕەشە دەرەكییەكان بكات.

بۆ نموونە لە كاتی دروستبوونی مەترسی (پەكەكە-دیموكرات-كۆمەڵە....) بۆسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان، حزبە پەرتەوازەكانی باشوری كوردستان، دابەشبوون بۆ بەرەی لایەنگر و دژ، لە هەردوو باردا بە دژی نەتەوەی كورد دەشكایەوە لە باشور، گەر ئێمەی كورد خاوەنی یەك حزبی سیاسی و یەك كییانی سەربەخۆباین، ئەوا هیچ كاتێك لەسەر ئەم كێشە دەرەكیانە توشی ئاستەنگی نەدەهاتین و دەمانتوانی سنورێك بۆ بەڕەڵایی حزبە چەپ و دیموكراتەكانی پارچە داگیركراوەكانی دیكەی كوردستان دابنێین.

كوردستان نموونەیەكی زەقە لە شكستی دیموكراسی، نموونەیەكە كە دەتوانین بیكەین بە بەڵگە كە دیموكراسی بۆ هیچ نەتەوەیەك ناگونجێت و ڕای جیاواز دروست دەكات، كێشەكە تەنها لە ڕای جیاواز نییە، كێشەكە لە گەشەكردنی ڕای جیاوازە بۆ دەستەی جیاواز و حزبی جیاواز و بەرژەوەندی جیاواز.... بۆیە مەترسی زۆر گەورە دروست دەبێت لە ئەنجامی دیموكراسی.

دیموكراسی ناتوانێت باشترین كەسەكان بۆ فەرمانڕەوایی دەستنیشان بكات، چوونكە لێرەدا ڕای زۆرینە دەخوات، بەڵام ئایە ڕای زۆرینە وەڵامی كێشەكانە؟ یان بۆخۆی كێشەیەكی دیكە دروست دەكات؟ لە كاتی هەڵبژاردندا، كەسەكان بە هۆی لێهاتوویان دەنگیان پێ نادرێت، بەڵكو بەهۆی قسەزانی و خەڵكناسینیان دەنگیان پێ دەدرێت، ئەمەش خۆی گومان دەخاتە سەر سپاردنی یاسا یاخود دەسەڵات بەم جۆرە كەسانە.

ئەوانەشی لە دیموكراسیدا دەنگ دەدەن كێن؟  ئەوانە: كرێكار،جوتیار،مامۆستا....
هەموو ئەم پیشانە جێگای ڕێزن بەڵام ئایە هەموویان یەك جۆر بیركردنەوەیان هەیە؟ ئایە هەموویان یەك جۆر چینی كۆمەڵایەتی كۆیكردوونەتەوە؟ ئایە هەموویان یەك جۆر پەروەردەیان هەیە؟ بێ دوو دڵی نەخێر، هیچان بەیەك ناچێت جگە لە خوێنیان نەبێت، بۆیە ناكرێت هەموو كەسێك دەنگ بدات و سەرۆكێك دیاری بكات، یان ئەندام پەڕلەمانێك دیاری بكات، بۆیە باشترە هەر یەكێك لەو چینانەی ناو كۆمەڵگە لە بواری خۆیاندا دەنگدان بكەن، نەك لە بوارە گشتییەكاندا، نموونە جوتیار باشتر نییە دەنگ بە جوتیارێكی دیكە بدات كە نوێنەرایەتی جوتیار بكات لە پەڕلەمان؟ یان كرێكارێك بۆ كرێكارێك؟ ئایە دەشێت ئێمە ئەمانە هەموویان بێنین كە شارەزایی جیاوازیان هەیە، وایان لێ بكەین لە دەنگدانێكی جەماوەری فراواندا بەشداربن؟ لەكاتێكدا باشترە لە بواری خۆیاندا دەنگیان هەبێت كە شارەزاترن؟ 

ئایە دەبێت دیموكراسی فەرمانڕەوایی گەل بێت؟ كە دەبێتە هۆی پێدانی دەسەڵات بە كەسانی نەزان و نائاگا لە سیاسەت، بۆیە پێویستە بە دیموكراسیدا بچینەوە و لە تەرازووی مێشكدا شەن و كەوی بكەین، نەوەكو لێی بگەرێین كە خۆی بخزێنێتە ناو ڕێبازی نەتەوەییمان.